ژماره 125
لاپه‌ڕه‌کان
 |
 |

ژماره 38
|
|
ئه‌میر حه‌سه‌نپوور و هاوبیره‌كانی باسی چی ده‌كه‌ن
نه‌ته‌وه‌یه‌ك و یه‌ك زمانی ستاندارد یان...؟
10 / 1 / 2010
عه‌زیز شێخانی
زمان
زمان له بڕگه‌كانی وه‌ك كات، شوێن، سه رده‌م و ژینگه‌دا مانای ده‌گۆڕێت و شێوازی تازه وه‌رده‌گرێت. زمان كلتوور و راگه‌یاندنه، هزر و بیره، تێكۆشانه، هوونه‌ر و شوێندانانه. زمان له ئاسانترین و ساكارترین لێكدانه‌وه‌دا به ئامرازی لێك تێگه‌یشتن و پێوه‌ندی ده‌ژمێردرێت. زمان وه‌ك وشه‌یه‌كی ساكار پڕه له هێما و نیشانه‌ی جیاواز و ره‌نگاوڕه‌نگ، كه ده‌رگای لێكدانه‌وه له سه‌ر ئه‌و وشه‌یه به شێوه‌یه‌كی به‌ر بڵاو ئاوه‌ڵا ده‌كه‌ن. به بڕوای من زمان جیهانی مرۆڤه و جیهانیش زمانی مرۆڤ. بوون و جیهانی مرۆڤ به دوور له زمان مانا و نێوه‌رۆكێكی روونی نییه و له راستیدا نه‌ناسراوه. زمان بریتی نییه له‌و مانا و نێوه‌رۆكانه‌ی، كه له ژیانی رۆژانه و ئاسایی‌دا ده‌خرێنه‌ڕوو. زمان له لێكدانه‌وه‌یه‌كی كورتدا به تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی كۆبه‌ندی هزر و بیر، هه‌ست، سات و كات له رێچكه‌ی سێ قۆناخی دوێنێ، ئه‌مڕۆ و سبه‌یدا پێناسه ده‌كرێ. تێگه‌یشتن له بوون و جیهانی بوون چۆن به بێ سوود وه‌رگرتن و به كارهێنانی زمان مسۆگه‌ر ده‌بێت؟ به بێ زمان و ده‌قی نووسینه‌كانی مرۆڤ، كه زاده و ره‌نگدانه‌وه‌ی زمانه جیاوازه‌كانه چۆن مرۆڤ ده‌توانێت مێژووی رابردوو، ئه‌مرۆ و داهاتووی بخاته‌وه سه‌ر یه‌ك و به‌ره دوارۆژ رێگا ببڕێت؟ له نه‌بوونی زماندا مرۆڤ چۆن ده‌توانێت خۆی پێناسه بكات و به شوێن دواڕۆژێكی رووناكدا هه‌نگاو هه‌ڵگرێت؟
زمان پردی نێوان هه‌ست و هزره و له هه‌مان كاتدا ئامرازی پێوه‌ندیگرتن له گه‌ڵ مرۆڤ و هاوشێوه‌كانی دایه. گرینگی و بایه‌خی زمان له رۆڵ و نه‌خشی به‌رده‌وام بوونی دایه. زمان له هه‌موو مه‌یدانه‌كانی ژیاندا و به تایبه‌ت له ژیانی كۆمه‌ڵگا و مێژوودا به بڕبڕه‌ی پشت ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه ده‌كرێت. زمان ئه‌و به‌ستێن و ئامرازه‌یه، كه مێژووی خوڵقاندووه و بۆته به‌ستێنی به‌ره‌وپێشچوونی مرۆڤایه‌تی. زمان ده‌رگای فێركردن و فێربوونی بۆ مرۆڤ كردۆته‌وه. مێژووی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵه بچووكه‌كان شاهیدی ئه‌و راستییه‌ن، كه زمان توانیویه‌تی درێژه‌دانی ژیان و به‌رده‌وامبوونی ژین مسۆگه‌ر بكات. له ئاستی تاكدا زمان هه‌ڵگری دربڕین و پێناسه‌یه‌تی، به‌ڵام زمان له هه‌ناوی خۆیدا پێشانده‌ری فه‌لسه‌فه‌ی له دایكبوون و ژێرخانی پێكهاته‌كانیه‌تی. كۆمه‌ڵ و زمان دوو لایه‌نی پێكه‌وه گرێدراون و مێژووی هه‌ر دووكیان پێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات. زمان له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری گه‌لێك مانا و نێوه‌رۆكی تایبه‌ته، به‌ڵام له به‌ر لێكگرێدراوبوونی به مێژوویی مرۆڤایه تی له ژێر ته‌وژمی ئاڵوگۆڕه‌كان نه یتوانیوه خۆی بپارێزێت.
زمان ئاوێنه‌ی خۆناسین و به دواداچوونی ژیانی تاكیشه. بێجگه له زمانی قسه‌كردن له گه‌ڵ یه‌كتر، مرۆڤ خاوه‌نی زمانی ناخی خۆیه‌تی، كه تێكه‌ڵاوێكه له هه‌وێنی بوون و هزری مرۆڤ. زمانی ناخ و زمانی دیار له پێوه‌ندی به رده‌وام دان و رێگای گه‌شه‌كردنی هه‌ر دووكیان له سه‌ر رێچكه‌ی گه‌شه‌كردنی ئاسۆیی ده‌چێته پێش. زمان به هه‌موو شێوازه‌كانی به‌سته‌ر و بنچینه‌ی درێژه‌دان به ژیانه. مێژووی گه‌شه‌كردن و به‌ره وپێشچوونی ژیان هه‌توان و وزه‌ی خۆی له زمان وه‌رگرتووه. ئه‌مرۆی مرۆڤایه‌تیش به سوود وه‌رگرتن له فاكته ری زمان و نووسین به گژ داهاتووی نادیار و پڕ له ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌دا ده‌چێته‌وه.
له وتووێژی ته‌له‌فیزیۆنی ئاسۆساتدا كه ئێواره‌ی رۆژی ٨ مانگی ژانویه بڵاوكرایه‌وه، ئه‌میر حه‌سه‌نپوور و حه‌سه‌ن قازی به ته‌له‌فون میوانی به‌رنامه‌ی ئاوریشم بوون. ته‌وه‌ره‌ی ئه‌و باسه دوان و قسه‌كردن له سه‌ر زمانی كوردیی و به تایبه‌ت زمانی ستاندارد بوو. كه‌م و كۆڕی به‌رنامه‌ی ئاوریشم له‌وه‌دا بوو، كه به‌رامبه‌ر به حه‌سه‌نپوور و قازی كه‌سی دژبه‌ر و كاریگه‌ر بانگهێشت نه‌كرابوون. لاوازی ئه‌و به‌رنامانه له‌وه‌دایه، كه تاكه‌كان به ناوی زانست، تێۆری و جیهانی سێبه‌ره‌وه قسه‌ی بێ گومرگ هه‌ڵده‌ده‌ن و كه‌سیش له به‌رنامه‌كه‌دا نییه، كه پێیان بڵێ:كاكی زمان‌ناس ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ت مه‌خلوقی كام بونه‌وه‌ر و له دایكبووی كام كه‌هكه‌شانه.
جێگای باسه، كه له كاتی چاولێكردن له‌و به‌رنامه‌یه‌دا میوانێكی فینله‌ندیم هه‌بوو. بۆ ته‌نیا نه‌هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و میوانه و بێ تاقه‌ت نه‌بوونی یه‌كسه‌ر باسه‌كه‌م بۆ ده‌كرده فینله‌ندیی. كه ئه‌میر و حه‌سه‌ن قسه‌یان ده‌كرد، پرسیاری كرد ئه‌وانه كێن. له وڵامدا گوتم، ئه‌وانه وه‌ك شاره‌زای زمان و مامۆستای زانكۆ و رۆژنامه‌نووس به‌شدارن. میوان چاوێكی لێكردم و گوتی: ئێوه كێشه‌تان زۆره و كه‌سانێك به ناوی زمان‌ناس دێن و كۆمه‌ڵگاش له‌ت ده‌كه‌ن. چۆن ده‌بێ یه‌ك نه‌ته‌وه و ئه‌و هه‌موو زمانی نووسین و ستاندارده‌ی هه‌بێ. ئێوه شه‌و رۆژ ده‌ڵێن داگیركه‌ران ئێمه‌یان له‌ت كردووه و ئه‌وه‌تا پسپۆڕه‌كانتان خه‌ریكن خه‌ڵكیش له یه‌كتر داده‌بڕن. كێ زه‌مانه‌تی ئه‌وه ده‌كا، كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به چه‌ند زمانی ستاندارد بوونی هه‌بێ؟ چۆن ده‌كرێ پاسپۆڕتێك به دوو زاراوه‌ی له سه‌ر بنووسرێ یان دراوی نیشتمانیی؟ باسه‌كه‌ی ئێمه پاش ته‌واوبوونی به‌رنامه هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام كاكڵی بیروڕاكانی خۆم له‌و بواره‌دا به‌م شێوه‌یه ده‌خه‌مه به‌ر باس.
ئه‌گه‌ر چی حه‌سه‌ن و ئه‌میر زۆر باسیان له كۆنفڕانسێك ده‌كرد، كه له هه‌ولێر گیراوه و نووسراوه‌ی ئه‌میر حه‌سه‌نپوور و نامه‌ی حه‌سه‌ن قازی تێدا نه‌خوێندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له هه‌ناوی وته‌كانی ئه‌و دوو قسه‌كه‌ره‌دا په‌یامێكی ناساز بڵاوده‌كرایه‌وه. كاتێك باسه‌كه له سه‌ر زمانی كوردیی و باشووری كوردستان كۆكرایه‌وه ئه‌میر پێشنیاری ده‌كرد دوو زاراوه ببنه زمانی فه‌رمیی.
له نووسینی ناوبراودا كه بۆ هه‌ولێریش ره‌وانه كرابوو و نه‌خوێندرابۆوه، پێشنیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره دێنه گۆڕێ.
بۆ وێنه ناوبراو باس له نووسین به هه‌ر دوو زاراوه له سه‌ر دراو و پاسپۆڕت و زۆر شتی دیكه ده‌كا. ئه‌میر ئارگومێنته‌كانی ئه‌وه‌نده لاوازن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسینه‌ی بۆ هه‌ولێری ناردووه بۆ هه‌ر كۆڕێكی زانستی ره‌وانه كردبا، بێگومان لێشاوی ره‌خنه و گازنده مه‌وداوی جوڵه‌كردنی پێنه‌ده‌دا. ئه‌و باسه‌ی ناوبراو له داهاتوودا بێ بناخه‌بوونی ده‌رده‌كه‌وێ و بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا ده‌بێ، كه له پشتی ئه‌و بیرۆكه‌یه روانگه‌یه‌كی ناكوردانه خۆی حه‌شار داوه.
به‌شدارانی به‌رنامه‌ی ئاوریشمی ئاسۆسات پێشنیاری وا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان ده‌كرد، كه مرۆڤ ده‌تاسێنێ. ئه‌وه‌ی من له وته‌كانی ئه‌و دوو میوانه‌ی ئاسۆسات بیستم، له فه‌رهه‌نگی بیرۆكه‌كانی خه‌ڵكی سه‌ر شه‌قام و بازاڕه خه‌ڵكیه‌كاندا جێگایان نابێته‌وه. بوون له زانكۆ و رۆژنامه‌نووسبوون بۆ ئه‌و باسه نه‌ته‌وه‌ییه مه‌رجی ته‌واو نییه. زۆر به‌ردی سه‌قه‌ت خراونه قه‌واره‌ی كۆشكی كوردایتییه‌وه، كه له ژێر په‌رده‌ی رووناكبیری و پێشكه‌وتندا داتاشراون. بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی بن ده‌ست و پارچه پارچه، كه ته‌نانه‌ت داهاتووشی نادیار و شێواوه، ئه‌و جۆره بیرۆكانه چ مانایه‌كیان هه‌یه؟ ئه‌میر حه‌سه‌نپوور نازانم هه‌ر له دووره‌وه ناوی باشووری كوردستانی بیستووه یان له پارێزگا و ناوچه‌كانی وه‌ك كه‌ركوك، هه‌ولێر، سلێمانی و ده‌هۆك ژیاوه؟ ئه‌و له باسه‌كه‌یدا كه‌ركوكی هه‌ر مراندبوو و باسی ده‌هۆك و زاخۆی ده‌كرد و ده‌یگوت، ئه‌وانه ئێستا بوونه شار و شارنشینی ده‌ستی پێكردووه. ناوبراو له سه‌ر كه‌لهوڕه‌كان ده‌یگوت، ئه‌وانه خۆیان به كورد نازانن و كه‌ڵه‌گایه‌تی نییه و به زۆری نابنه كورد!!
حه‌سه‌ن قازیش بۆ ئاڵۆزكردنی كۆنفڕانسی زمانه‌وانی له هه‌ولێر پێوه‌ندی به ژماره‌یه‌ك كه‌سی غه‌یری كورد كردبوو، كه پێشنیاریان بۆ كۆنفڕانسی هه‌ولێر چییه. یه‌كێك له‌وان باسی فینله‌ندی بۆ حه‌سه‌ن كردووه، نازانم حه‌سه‌ن قازی چه‌نده‌ی گوێ بۆ پڕۆسه‌ی له دایكبوونی زمانی ستاندارد له فینله‌ند شل كردووه؟ من له فینله‌ند ده‌ژیم و ده‌زانم پڕۆسه و ره‌وتی یه‌كگرتنی زمان له سه‌ر تێۆری و لێكدانه‌وه‌ی حه‌سه‌نپور و قازی پێك نه‌هاتووه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن تێۆرییه‌كی خه‌یاڵییه كه له مه‌یدان و گۆڕه‌پانی ژیان و زانست‌دا كڕیارێكی نییه. نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد له سه‌ده‌ی ٢١ دا پێویستی به دروستكردنی زمانی ستاندارده نه‌ك چه‌ند ستاندارد كردنی زمان. نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه خاوه‌ن چه‌ند زمانی فه‌رمی نووسین بێ، له بازنه‌ی كام تێۆرییدا ده‌توانێ له ناوچه‌یه‌كی وه‌ك رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به مافه‌كانی بگا؟
حه‌سه‌نپوور مافی كه‌ڵك وه‌رگرتن له زمانی دایكی له گه‌ڵ زمانی ستاندارد بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك تێكه‌ڵ كردووه. ناوبراو له سه‌ر ئه‌ساسی بوونی مافی كه‌مایه‌تیه‌كان (زمان) له باشووری كوردستان پێی وایه، سۆرانی و كرمانجی هه‌ردووكیان به فه‌رمی بكرێن. جێگای خۆیه‌تی ئاماژه به‌و پرسه بكرێ، كه هه‌ر كاتێك باس له سۆرانی ده‌كرێ، مه‌به‌ست یه‌ك زاراوه نییه. دژه سۆرانییه‌كان و كه‌سانی خاوه‌ن پلان بۆ چووك كردنه‌وه‌ی رۆڵی مێژوویی زمانی فه‌رمی سه‌رده‌می كۆمار، شێخ سه‌عید و سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه مافخوازییه‌كانی كورد له باشوور و رۆژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سۆرانی ته‌نیا به زاراوه‌ی سلێمانی ده‌نرخێنن. ئه‌و به ناو پسپۆڕ و شاره‌زایانه چاویان له ئاستی پاشخانی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رفراوانی ئه‌و زمانه به‌ستووه و بۆ چووك كردنه‌وه‌ی بڕیاریان داوه ده‌ست و داوێنی زۆر قوماری بێ كۆتایی بن.
ئه‌گه‌ر قه‌راره كه‌مایه‌تی و زۆرایه‌تی له باشووری كوردستاندا بكرێته سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ دیاریكردنی زمانی ستاندارد، بێگومان هه‌ولێر، كه‌ركوك و سلێمانی و به‌شێك له ناوچه‌كانی سه‌ر به پارێزگای ده‌هۆك به زمانێك قسه ده‌كه‌ن، كه بۆ ئه‌وه ده‌بێ بكرێته زمانی فه‌رمی باشووری كوردستان. ئه‌میر وئه‌میره‌كان خۆیان له‌و راستییه ده‌شارده‌وه، كه ده‌كرێ زمانی ستاندارد یه‌كدانه بێ، به‌ڵام زاراوه‌كان له ناوچه‌ی خۆیان له قوتابخانه وێڕای زمانی ستاندارد بخوێندرێن. جووته میوانی ئاسۆسات له‌و به‌رنامه‌یه‌دا پاش به یه‌كتر هه‌ڵڵاگوتن به‌رده‌وام له دژی شه‌پۆله‌كانی رووبار مه‌له‌یان ده‌كرد. بۆ كه‌س روون نه‌بوو، كه بیرۆكه‌ی ئه‌میر حه‌سه‌نپوور له سه‌ر چ بناخه‌یه‌كی زانستیی دامه‌زراوه؟ ئایا ئه‌و بیرۆكه‌یه و خاوه‌نی ئه‌و فكره بیریان له گرینگی زمانی ستاندارد له سه‌ر داهاتووی ناسنامه‌ی كوردیی كردۆته‌وه؟ به كرده‌وه و له گۆڕه‌پانی جیهانی سه‌رده‌مدا ئه‌و مۆدێله‌ی ئه‌و شاره‌زا و مه‌له‌وانانه‌ی ده‌ریای زمان! باسی لێده‌كه‌ن، له كام خاڵ و نوخته‌ی تۆپی زه‌وه‌ییدا بوونی هه‌یه؟ ئایا سۆرانی و شێوه‌زاری ئاخاوتنی ده‌هۆك و زاخۆ ئه‌وه‌نده لێكدوورن، كه له سه‌ر حیسابی قسه و بیرۆكه‌ی ئه‌هلی دابه‌شكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد دوو زمانی فه‌رمی و ره‌سمیان بۆ دیاری بكرێ!
بۆ حه‌سه‌نپوور شوینیزمی سۆرانی مانای چییه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و زمانه وشێوازی ئه‌و نووسینه له كورد وه‌رگرنه‌وه كورد و مێژووی كورد ده‌بێ چی بۆ وه‌مێنێ؟ ئه‌وه‌ی ئه‌میر و حه‌سه‌ن ده‌یكه‌ن، باسكردنی زانستی له زمان نییه و گه‌مه كردنه به مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك. ئه‌وانه‌ی له سه‌ر رێچكه‌ی رق و كین خۆیان له شه‌قامێكی ئه‌ده‌بی یان تێۆریه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا دۆزیوه‌ته‌وه دره‌نگ یان زوو بێ بنه‌مابوونی قسه و وته‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێ.
ئه‌میر ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر باسی كوردستانی گه‌وره بكه‌ین، ئه‌وه كورمانجی زمانی فه‌رمییه و هه‌ركه‌س بڵێ وانییه، ئه‌وه كه‌ڵه‌گایه‌تی ده‌كا. ئایا ئه‌میر ئاگای له‌وه هه‌یه، كه شێواز و تۆنی ئاخاوتنی كورده‌كانی باكور له سه‌ر وه‌زنی توركی لێده‌دا. هاونیشتمانه كورده‌كان له باكور له ئاكامی سیاسه‌تی كه‌مالیزمدا و ره‌وتی به تورك كردنیان دا زۆر ئازاریان دیوه. ته‌نانه‌ت زاراوه‌ی كرمانجی له توركیه له ژێر كاریگه‌ری هه‌مه لایه‌نه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستدا زۆر زه‌بری قه‌ره‌بو نه‌كراوه‌ی لێدراوه. ئه‌میر و حه‌سه‌ن چۆنه ناچن باس له چه‌ند ملوێن زازایی باكووری كوردستان بكه‌ن و فرمێسكی تیمساح بۆ چه‌ند سه‌ت هه‌زار كه‌سێكی لای ده‌هۆك و زاخۆ هه‌ڵده‌ڕێژن؟ ئایا ئه‌وان ده‌زانن كه سورچیه‌كان به چ زاراوه‌یك قسه ده‌كه‌ن؟ ئایا ئاگادارن، كه بێجگه له قسه و تێۆری به كرده‌وه سنووری نێوان بادینی و سۆرانی له باشووری كوردستاندا چۆن داڕێژراوه؟ ئایا وه‌ك كه‌سانێك كه له سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بیات ده‌دوێن، هه‌رگیز بیرتان له‌وه كردۆته‌وه كه ئه‌گه‌ر كورده‌كانی باكور شێوازی نووسینی خۆیان وه‌ك سۆرانیه‌كان لێ بكه‌ن، توركه‌كان له به‌رامبه‌ردا زه‌لیل و ده‌سته وه‌ستان ده‌بن! گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو و پێكهێنانی به‌ستێنی لێكتێگه‌یشتن له یه‌كتر و به‌هێزكردنی روانگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و زمانی ستانداردی كورد گرینگه، نه‌ك تاقیكاری بیرۆكه‌كان.
زمانی كوردی سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیی و كێشه زۆر و زه‌وه‌نده‌كان ، یه‌كێكه له زمانه‌كانی ئه‌م جیهانه. ئه‌و زمانه له چه‌ند لاوه غه‌دری لێكراوه. كه‌م و كۆڕییه‌كانی ئه‌و زمانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ باروودۆخه دژوار و گه‌شه نه‌كردنی هه‌مه لایه‌نه‌ی كورد و كوردستان له پڕۆسه‌ی مێژوو دا. زمانی كوردان له به‌ر نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی به شێوه‌ی نارێك گه‌شه‌ی كردووه. ره‌وتی ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ش زۆربه‌ی له ژێر سایه و تێكۆشانی رێكخراوه سیاسیی و حیزبه كوردییه‌كاندا ئه نجام دراوه. كوردستان به گوێره‌ی دابه‌شكردنێكی نه‌خوازراو و به دوور له ویستی گه‌ل، له هه‌موو پارچه‌كاندا خراوه‌ته ژێر باری زمانێكی فه‌رمی.
ئه‌و زمانه فه‌رمییه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست بووه و مۆركی ئه‌وانی لێدراوه. زمانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان له كوردستاندا بۆته ئامرازی لاوازكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی كوردان. ده‌وڵه‌ته‌كان ویستویانه كورد بتوێننه‌وه و زمانه‌كه‌شی به زمانێكی دواكه‌وتوو بناسێنن. ئامانجی رێبازی كه‌مالیزم، به عسیزم و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێران ئه‌وه بووه، كه كورد له زمان و مێژووی خۆی بێگانه بكه‌ن و پاشخانی كورد بێ بنه‌ما له قه‌ڵه‌م بده‌ن. بێجگه له‌وه كورده‌كان له ژێر كاریگه‌ری نه‌ته‌وه باڵا ده‌سته‌كان، زاڵبوونی هه‌ستی ناوچه‌گه‌رایی و عه‌شیره‌تی و هتد دا هه رگیز نه‌یانویستووه له سه‌ر ره‌گ و ریشه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی سوود له زمانی دایك وه‌رگرن.
چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تی ئه‌و دابه‌شبوونه له سه‌ر قه‌واره و ره‌وتی گه‌شه‌كردنی زمانی كوردییدا كاریگه‌ری هه‌بووه. زاراوه‌كانی زمان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له پارچه‌كانی كوردستاندا ( بۆ وێنه باكووری كوردستان) بۆیان نه‌لواوه له گه‌ڵ باقی زاراوه‌كاندا له پێوه‌ندییه‌كی سرووشتیدا بن. به‌و پێیه سرووشتی گه‌شه‌كردنی زاراوه كانی زمانی كوردان یه‌كده‌ست و هاوشێوه نییه. له هه‌ر پارچه‌یه‌ی كوردستاندا باروودۆخه‌كه جۆرێك بووه و وه‌ك پێویست به‌ستێنی گه‌شه‌كردنی ئه‌و زاراوانه جیاوازیان هه‌یه. له بواری زمان و ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه له كۆتایی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیه‌وه هه‌تا ئه‌مرۆ كوردی باكووری كوردستان زیاتر زوڵمی لێكراوه. مرۆڤ ده‌توانێ مه‌زه‌نده بكا، كه سێ نه‌وه له‌و پاڕچه‌یه‌ی كوردستان له ره‌گ و ریشه‌ی خۆی دابڕاوه. له پاڕچه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا، به تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستاندا كه‌م و زۆر له رۆژ ئاوا‌شدا باروودۆخه‌كه جیاوازی هه‌بووه و پێوه‌ندی نێوان ئه‌و پارچانه به‌تایبه‌ت به‌ر بڵاوتر و چڕتر بووه.
ئه‌و بیرۆكانه‌ی ده‌بنه هۆی لێكدابڕاندنی هه‌رچی زیاتری كورد و له سه‌ر رێگای یه‌ك ستانداردی زمان ته‌گه‌ره و به‌ربه‌ست دروست ده‌كه‌ن، له قازانجی نه‌ته‌وه باڵاده‌سته‌كان و ده‌وڵه‌ته سه‌رده‌سته‌كانی كوردستاندا كار ده‌كه‌ن. ئه‌و رێگایه هه‌ر بۆ رۆم ده‌چێته‌وه و كوردستان له سه‌رجه‌می ئه‌و شه‌ڕه بیرۆكانه‌دا تامی تاڵی ژێرده‌ستی زیاتر و زۆرتر ده‌كێشێ.
خويندنه‌وه‌ی بابه‌ت: 513 جار
|
|