ژماره 125
لاپهڕهکان
 |
 |

ژماره 38
|
|
ئاماری نەخۆشخانەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس دەریدەخەن، كە رێژەی سووتان و خۆسووتاندنی ژنان ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە بەرزبوونەوەدایە
22 / 7 / 2010
عبدالكريم ياسين
دەروونناسان و كۆمەڵناسانیش هۆكارەكە بۆ نائارامی دەروونی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەگەڕێننەوە.
هەژێن شێرزاد عوسمان، 16ساڵ، پۆلی هەشتی بنەڕەتی، دوای وەرگرتنەوەی نمرەی تاقیكردنەوەكانی كاتێك دەبینێ دەرنەچووە، زۆر بێ تاقەت دەبێ، لەنیوەڕۆیەكی گەرمای هاویندا كە ماڵەوەیان لە خەودا بوون، ئاگری لە خۆی بەردا، دوای پێنج رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، باوكی هەژێن، بەر لەوەی كچەكەی گیان لەدەست بدات بە (رووداو)ی گوت "داوا لە گەنجان دەكەم لەبەر كێشەیەكی بچووكی ژیان خۆیان لەنێو نەبەن".
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی ئێمرجنسی لە شاری هەولێر كە تایبەت دراوەتە (رووداو)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی ئایار، 147 ئافرەت بە سووتاوی گەیێنراونەتە نەخۆشخانەكەیان. هەر بەپێی هەمان ئامار لە ساڵی 2008دا 311 ئافرەت، لەساڵی رابردووشدا 312 ئافرەت بە سووتاوی گەێنراونەتە ئەو نەخۆشخانەیە.
زۆربەی ئەو سووتاوانەی دەبرێنە نەخۆشخانە، راستییەكان دەشارنەوە. هەژێن بەر لەوەی گیان لەدەستبدات لە ئیفادەی پۆلیسدا گوتبووی "كە پرێمزم هەڵدەكرد، سووتام"، كەچی باوكی هەژێن دەیگوت "بەنزینمان لە ماڵ نەبووەو نەوتمان هەبووە، بەڵام لەنێو تانكی دابووەو بەلوعەكەی قوفڵدراوە". ئەوەی زیاتر گومان دەخاتە سەر سووتانەكەی هەژێن ئەوەیە كە هەژێن لە گەرمای هاوین دوای نیوەڕۆ سووتاوە. لەو كاتە گەرمەدا خەڵك ئامێری گەرمكەرەوە بەكار ناهێنێت.
پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن، كە زۆربەی ئەو گەنجانەی سووتاون، خۆیان سووتاندووە. ئەوان دەڵێن رێژەی 80%ی سووتان بەرەو سەرەوە گومانی خۆسووتاندنی لێدەكرێ. دكتۆر رەوەند موشیر حەوێزی، پسپۆری نەشتەرگەری گشتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی هەولێر دەڵێت "مەرج نییە رێژەی سووتانی زۆر، خۆسووتاندن بێت، بەڵام هەركەسێك نەیەوێت بسووتێت، هەوڵی خۆ كوژاندنەوە دەدات. ئێمە بەپێی جۆری سووتانەكە، هەر كەسێك 80%ی جەستەی سووتابێ، گومانی خۆسووتاندنی لێدەكەین". ناوبراو گوتیشی "ئەو حاڵەتانەی دێنە بەردەستمان كە سووتانەكەیان بەخۆسووتاندن دەچێت زیاتر لە تەمەنی 13-40 ساڵیدان، هەروەها ئەو ژنانەی خۆیان دەسووتێنن 90%یان دەمرن، چونكە رێژەی سووتانیان بەرزەو باری دەروونییان نائارامە، بەوەش بەرگری لەشیان كەم دەبێت و دەمرن".
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی، لە پێنج مانگی ئەمساڵ دا، 394 حاڵەتی سووتانی ژنان هەبووە. بەڵام بەپێی ئامارێكی بانكی زانیاری، ساڵی رابردوو تا ئەو كاتە 237 كەس بە سووتاوی گەیێنراونەتە نەخۆشخانەی ئێمرجنسی سلێمانی. بەڵام بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا 141 ژن لە سلێمانی سووتاون، كە 100 یان خۆیان سووتاندووە، لەوانەش 41 یان گیانیان لەدەستداوە.
پسپۆرانی بواری دەروونی ئاماژە بەوە دەدەن، كە خۆ سووتاندن و خۆ كوشتن پەیوەندی بە فشاری دەروونییەوە هەیە، د.سامان هەڵەبجەیی، پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەكان دەڵێت "زۆربەی مرۆڤەكان بەپێی پلە نەخۆشی دەروونییان هەیە، مرۆڤ لە (سایك لەگەڵ سۆما) پێكهاتووە، چۆن جەستە نەخۆش دەكەوێت دەروونیش نەخۆش دەكەوێ، بەڵام خەڵك بەنەنگی سەیری نەخۆشییە دەروونییەكان دەكات و دەیشارێتەوە و چارەسەری ناكات، دەرەنجام بەهۆی هەڵچوون و گوشاری دەروونییەوە خۆی لەنێودەبات".
هەرچەندە زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەسووتێنن، دەڵێن بەهۆی گوشاری خێزانیی و كۆمەڵایەتی خۆیان سووتاندووە، بەڵام د.سامان تەنیا خێزان بە هۆكار نازانێ و دەڵێ "لەوانەیە ئەو كەسانە نەخۆشی خەمۆكییان هەبێت یان چێژ لە ژیان وەرنەگرن، بۆیە مردن هەڵدەبژێرن، بەڵام دەبێ هەر كەسێك تووشی دڵ تووندی و خەم بوو، سەردانی دكتۆری پسپۆر بكات یان خۆی لای كەسێكی نزیكی خۆی خاڵی بكاتەوە، ئەوەی هەیەتی بۆی دەرببڕێت".
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی جیهانی، نزیكەی 15%ی مرۆڤەكانی جیهان نەخۆشی دەروونییان هەیە. 5% نەخۆشی ترس و دڵەڕاوكێ، 1% نەخۆشی دێوانەیی، 10% ئاڵودەیی و 15% تێكچوونی كەسایەتی.
لێكۆڵینەوەكە دەریخستووە كە 20% ئەوانەی ئاڵودەن خۆیان دەكوژن، 20%ی ئەوانەی نەخۆشی خەمۆكییان هەیە، 10%ی ئەوانەی كە دێوانەییان هەیە و 10%ی ئەوانەی تێكچوونی كەسایەتیان هەیە، خۆیان دەكوژن.
د.سامان پێیوایە گرفتی نەخۆشی دەروونی كاتێك ئاڵۆز دەبێ، كە گوێ بە نەخۆش نەدرێ، ئەو گوتی "ئەگەر كەسێك گوتی بێتاقەتم بەهەند وەریناگرن و لە كێشەكەی ناكۆڵنەوە یان سەردانی دكتۆری دەروونی پێناكەن، دەڵێن ئێمەش هەموو خەممان هەیە، بەڵام ئەو وەڵامە زۆر هەڵەیە. یان كە كەسێك هەڕەشەی خۆكوشتن بكات زۆر مەترسیدارترە لەوەی كارەكە ئەنجامبدات، چونكە فكرەكەی لە مێشكدا دەچەسپێ، نابێ ئەو حاڵەتە بە ئاسایی وەربگیرێ، با سەردانی پسپۆری دەروونی بكەن".
بە بڕوای د.سامان خۆسووتاندن لەنێو ژنانی كوردستان بە جۆرێك پەرەی سەندووە، كە خەریكە ببێ بە مۆدێل "خۆسووتاندن لە كوردستان وەك مۆدێلی لێهاتووە، وەك چۆن لە هەندێ وڵات مۆدێلی خۆكوشتنەكەیان بە چەقۆ و دەمانچەو شتی دیكەیە". د.سامان بە راگەیاندنی كوردی گەشبین نییە، كە هۆكارێك بێ بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی خۆ كوشتن و خۆ سووتاندن "راگەیاندن حاڵەتە كۆمەڵایەتیەكان زەق دەكاتەوە، بۆیە زۆركەس كە تووشی گرفتێكی لەو جۆرە بوو پەنا بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن دەبات، پێویستە راگەیاندن رۆڵی گەیاندنی چارەسەر ببینێ".
لە جیهاندا لە چوار ژن، كە هەوڵی خۆكوشتن دەدەن سێیانیان خۆیان دەكوژن، بەڵام لە چوار پیاو كە هەوڵی خۆكوشتن دەدەن، یەكێكیان خۆی لەنێو دەبات. رێژەی خۆكوشتن لە تەمەنە گەنجەكاندا سێ بەرامبەری بە تەمەنەكانە.
بەپێی ئامارێكی بانكی زانیاری لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا، 118 ژن خۆیان سوتاندووە (50 لە هەولێر، 60 لە سلێمانی، 5 لە دهۆك و 3 ژنیش لە كەركووك). پسپۆرانی بواری كۆمەڵایەتی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بە یەكێك لە هۆكارەكانی خۆ لەنێوبردن دەزانن. د.زریان كاكەیی مامۆستا لە بەشی كۆمەڵناسی زانكۆی سەڵاحەدین گوتی زۆر پاڵنەر هەن بۆ خۆ لەنێوبردن، كە یەكێكیان پێشكەوتنی تەكنەلۆژیایە "نیشاندانی وێنە دوورەكانی دونیا و فیلمەكان یەكێكن لەپاڵنەرە سەرەكییەكان بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن، چونكە وا لەدەوروبەر دەكەن لاوازبن و بێ توانابن لەبەردەم گرفتەكاند.
خويندنهوهی بابهت: 82 جار
|
|