ژماره 125
لاپه‌ڕه‌کان
 |
 |

ژماره 38
|
|
سێ رۆژ شیری دایكمم به‌مردوویی خوارد
زه‌مزه‌م: حیكایه‌تێك له كه‌ناره‌كانی مه‌حشه‌ره‌وه
27 / 7 / 2010
راپۆرتی : ئه‌رسه‌لان تۆفیق
عه‌تا حسێن
سه‌ره‌تای حیكایه‌ته‌كه:
ته‌مه‌نم دوو سالاَن بوو له ئۆردوگای سه‌لاسی باوه‌جانی نزیكی جوانرۆی كوردستانی ئێران ، له‌ناو نازونیعمه‌تی خۆشه‌ویستی باوك و دایكێكی به‌ته‌مه‌ندا ده‌ژیام و نه‌مده‌زانی كه نهێنیه‌كی ته‌ڵخ و ناخۆش له ئارادایه‌و من نایزانم ، تا ئه‌و رۆژه‌ی ژنێكی دراوسێمان بانگی كردم و به كزۆڵی و ده‌نگێكی نزمی چپه ئاسا هه‌موو سه‌رگوزه‌شته‌كه‌ی بۆ گێڕامه‌وه له كاتێكدا جاروبار سه‌یرێكی ئه‌ملاولای خۆی ده‌كرد بزانێ كه‌س دیار نییه ، خۆزگه هه‌رگیز ئه‌و چیرۆكه‌م نه‌بیستایه‌و هه‌رگیز له‌وه تێنه‌گه‌شتمایه من كێم و دایك و باوكیشم ئه‌و پیره‌ژن و پیره پیاوه نین كه شه‌وو رۆژ و سات به‌سات خه‌م و په‌ژاره‌ی منیانه و به‌رده‌وام به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك نازم به‌ڕێوه ده‌به‌ن ، خۆزگه هیچ كام له‌م حیكایه‌تانه‌م نه‌بوایه كه ئێسته بۆی ئێوه‌ی ده‌گێڕمه‌وه .(ئه‌مه وته‌ی زه‌مزه‌م)ه كه له‌ته‌نیشتمانه‌وه دانیشتبوو ده‌یویست له ئێمه بگه‌یه‌نێ گرفتێكی نییه‌وه له‌و په‌ڕی شادی و كامه‌رانیدایه به‌لاَم دواتر كه‌چوینه ناو پرسیاره‌كانمان تێگه‌شتین دونیاش به‌و ڕه‌نگاڵییه نییه‌و هێنده‌ش قورس له‌سه‌ر زه‌مزه‌م نه‌كه‌وتووته‌وه كه وابزانێت دونیا یه‌كپاچه خۆڵه‌مێشییه....زه‌مزه‌م گوتی كه ژنه‌كه قسه‌كانی بۆكردم كه‌وتمه ئه‌و په‌ڕی دونیاوه تێنه‌ده‌گه‌شتم منداڵ بووم نه‌ده‌چوو به‌عه‌قڵمدا كه دایك و باوكم مردبن بۆیه به‌ڕاِكردن رۆشتمه‌وه ماڵه‌وه و باوه‌شم كرد به دایكمدا و گوتم (دایكه تۆ مردویت ؟)
جه‌ژنێكی غه‌مگین :
چواره‌م رۆژی ره‌مه‌زانی ساڵی (1988) هه‌واڵیان داینێ كه كچه‌زاكه‌مان له ماڵی (حاجی عابد)ه‌و ماوه له‌سه‌ره‌تاوه ئێمه باوه‌ڕمان نه‌كرد به‌لاَم دواتر له چه‌ند لایه‌كی تره‌وه هه‌واڵیان داینێ ئیتر گوتمان راسته‌و كه‌وتینه هه‌واڵپرسین و گه‌ڕان به‌دوایدا تا له دووه‌م رۆژی جه‌ژندا ده‌ستمان كه‌وته‌وه ، ئه‌و مالاَنه‌ی كه زه‌مزه‌میان به‌خێوكردبوو ده‌یانگوت پانزه‌رۆژێك له خه‌سته‌خانه‌یه‌كی هه‌مه‌دان دا خه‌واندویانه و حاڵی زۆر خراپ بووه ، كه هێناشمانه‌وه خه‌ریك بوو ده‌مرد رۆژی وابووه چوار جار بردوومانه‌ته نه‌خۆشخانه‌ی سه‌لاسی باوه‌جانی .... ئه‌مانه‌ش قسه‌ی ئه‌و پیره‌ژن و پیره پیاوه بوون كه تا ئێسته‌ش زه‌مزه‌م به‌دایه‌و باوه بانگیان ده‌كات ، به‌لاَم له راستیدا (دایك و باوكی) ی (دایكی زه‌مزه‌م) ن ، كه چوینه ماڵكه‌یان زۆر به‌گه‌رمی پێشوازییان لێكردین و زۆر به‌دڵفراوانیشه‌وه حیكایه‌ته‌كه‌یان ده‌گێڕایه‌وه ئه‌وان گوتیان زه‌مزه‌م یادگاری مامۆستا و داده گیانه نایگۆڕینه‌وه به‌هه‌موو دونیا ... دایه‌گه‌وره ده‌یگوت یاڕه‌بی خوایه مشكیله‌ی وا روو له‌كه‌س نه‌كات ئێمه ئه‌و هه‌موو خه‌ساره گه‌وره‌یه‌مان لێكه‌وتبوو ، ئاگامان له خۆمان نه‌بوو جاوه‌ره خه‌م و مه‌راقی ئه‌و كچه بچكۆلانه‌یه‌شی هاته سه‌ر كه هێشتا ته‌مه‌نی شه‌شه مانگی پڕ نه‌كردبوه‌وه به‌لاَم له راستیدا زۆریش دڵمان پێی خۆش بوو.
قژی داده گیانم ماچ كردوو خواحافیزی یه‌كجاریم لێ‌كرد
خاڵۆ شێخ حه‌سه‌ن باپیره‌ی (زه‌مزه‌م) باسی رۆژی كیمیاباران ده‌كات (له عه‌بابه‌یلێ وه به‌ره‌و خوار ده‌هاتم دوو رۆژبوو كیمیاویه‌كه رژابوو دو ژنم پێگه‌یشتن مه‌رحه‌باییان كردم من نه‌مناسین گوتیان خاڵۆ بۆ نامانناسی خۆ ئێمه ئامۆزاتین به‌خوا واسه‌رمان لێشێوابوو هه‌رمه‌پرسه حه‌وت رۆژ گه‌ڕام كه‌سیانم نه‌دۆزییه‌وه چوومه ماڵی عه‌بدولكه‌ریمی زاوام ده‌رگاكه‌یان داخرا بوو حه‌مه‌خان به‌گ لێم تووڕه‌بوو وتی بۆ ئه‌و ده‌رگا ده‌كه‌یته‌وه ئه‌و یش منی نه‌ناسییه‌وه ، ئاخیری رۆشتم له قلیج به‌ڕیز كه‌وتبوون هه‌مویان مردبوون نازانم كچه بچكۆله‌كه‌م نه‌دی ،حه‌په‌سابووم نه‌مده‌زانی چی بكه‌م ته‌نها گریان نه‌بێ هیچم له‌ده‌ست نه‌ده‌هات ، ئه‌وه‌نده‌نه‌بێ دانه‌ویمه‌وه قژی داده‌گیانم ماچ كردوو بۆ هه‌تاهه‌تایی خواحافیزیم لێ‌كردن).
سه‌گێك به‌دیاریه‌وه وه‌ستابوو
سێ رۆژ دوای كیمیاییه‌كه به‌ڕێگه‌ی جه‌لیله دا ده‌ڕۆشتم لای كانیه‌كه‌ی قلیج خه‌ڵكێكی زۆرم بینی كیمیاویه‌كه شه‌هیدی كردبوون، نزیك بوومه‌وه بزانم نایانناسم ، كه‌سیانم نه‌ناسی زیاتر ورد بوومه‌وه منداڵێكی كۆرپه‌م بینی له نزیكی دایكی‌دا به ڕۆبێكی خه‌وتنی پیاوانه‌وه‌پێچرابوو جامانه‌یه‌كی تێوه پێچرابوو چاوه‌كانی گه‌ش بوون بێده‌نگ بێده‌نگێ ده‌یڕوانی ، كه‌مێ سۆزم بۆی جولاَ دواتر نه‌مده‌زانی چی لێبكه‌م ،ته‌ماشامكرد سه‌گێكی گه‌وره له نزیكیدا وه‌ستاوه و كلكه له‌قێیه‌تی ئیتر بڕیارمدا هه‌ڵیبگرم و له‌گه‌ڵ خۆمدا بیبه‌م بۆ بیاره (ئه‌وه قسه‌ی كاك واحید ره‌حیم بیاره‌ییه كه یه‌كه‌مجار زه‌مزه‌می هه‌ڵگرتۆته‌وه) كاتێ پرسیمان له كاك واحید ئه‌و منداڵه سێ مانگانه ده‌بێ به چی ژیابێ ئه‌و گوتی وه‌لاَ نازانم به‌لاَم زیندوێتی له چاوو جه‌سته‌یدا دیاربوو ، نزیكه‌ی مانگێك له‌لای ئێمه مایه‌وه به‌لاَم خۆزگه ئه‌و كچه ماوه ؟ كه ئێمه‌ش هه‌واڵی ساغ و سه‌لامه‌تی زه‌مزه‌ممان پێدا زۆر گه‌شایه‌وه ...
زیندوو بوونه‌وه یان شیری مردوو خواردن
ئه‌وانه‌ی كه كیمیابارانه‌كه‌یان دیوه‌و له هه‌ڵه‌بجه‌دا ماونه‌ته‌وه‌و به‌رنه‌كه‌وتون باس له‌وه ده‌كه‌ن كه زۆرێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌كه‌می برینداربوون و كیمیاییه‌كه زۆر كاری لێنه‌كردبوون (ئیتر به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت)به هۆی بارانێك كه باریوه به دوو رۆژ دوای كیمیاویه‌كه و بووه‌ته هۆی زیندوو بونه‌وه‌یان و نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ش له هه‌ڵه‌بجه‌دا زۆره ، هه‌ندێك له‌وانه‌ی ئێمه لێمان پرسین و ئاگایان له چیرۆكی زه‌مزه‌م هه‌یه پێیان وایه ئه‌ویش زیندوو بوبێته‌وه ، به‌لاَم به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌شه‌وه هه‌ندێكی تر باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژه (16/3 / 1988 تا 20/3/1988) زه‌مزه‌م شیری دایكی خواردبێت (هه‌رچه‌نده دایكیشی مردووه)، به‌لاَم به‌قسه‌ی باپیر‌و داپیری ئه‌م بۆچوونه‌یان راستتره و ناوی چه‌ند كه‌سێكیشیان هێنا كه ئه‌و مه‌سه‌له‌یان زانیوه به‌لاَم به‌داخه‌وه كه‌سیان له ژیاندا نه‌ماون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مامۆستا شێخ كه‌مال كه خاڵی زه‌مزه‌مه گوتی مامۆستا عومه‌ر رێشاوی له بابه‌تێكی گۆڤاری هه‌ڵه‌بجه‌دا كه به زمانی عه‌ره‌بی له ده‌ره‌وه‌ی ولاَت ده‌رده‌چێت ئاماژه‌ی به‌وه داوه ( به‌داخه‌وه هه‌وڵماندا ئه‌و ژماره‌یه په‌یدا بكه‌ین به‌لاَم سه‌ركه‌وتو نه‌بوین)، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زه‌مزه‌م خۆی زۆر بڕوای به‌و شیر خواردنه هه‌یه و ده‌ڵێت (من نازانم به‌لاَم گشتی واده‌ڵێت)...
خاوه‌نی شه‌هیده‌كان
ژماره‌ی شه‌هیده‌كان هه‌رچه‌ندێ بن و چۆنیه‌تی شه‌هیدبوونیش هه‌رچۆنێك بێت ، واخه‌ریكه كیمیایی باران ده‌بێته شتێكی یاداوه‌ری و گێڕانه‌وه‌و حیكایه‌ته‌كانیش ئه‌وه‌نده زۆرن كۆتاییان نایه‌ت ، هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان هه‌رچه‌نده حه‌زیان به جل و به‌رگی ره‌ش و ئاوازی غه‌مگین و نه‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و حیكایه‌تانه‌یه به‌لاَم هه‌موو شانزه‌ی سێ یه‌ك ئێمه ده‌چینه‌وه به‌رده‌رگایان هه‌ربه‌زۆر ناچاریان ده‌كه‌ین گوێ له‌و چیرۆكانه‌ی ئێمه بگرن كه روداوه‌كانمان به چاوی خۆمان نه‌دیوه‌و تاڵیه‌كانیشی به‌زاری خۆمان نه‌چه‌شتووه،ئه‌گینا له بنه‌ماڵه‌ی (زه‌مزه‌م به خزمی دایك و باوكیه‌وه نزیكه‌ی نه‌وه‌د شه‌هید هه‌یه و تیایاندا دایك و باوك و براو خاڵ و پوری) تێدایه ،ئه‌وه‌ی كه له‌كاتی شانزه‌ی سێ‌دا وه‌بیری رۆژنامه نووس و سیاسیه‌كادا دێت دروستكردنی شین و شه‌پۆڕێكی زیاتر‌و پیاهه‌ڵدان و حه‌مله‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی حیزبایه‌تی زیاتره و دوای ئه‌و رۆژه‌ش هه‌مووی بلاَوه‌ی لێده‌كه‌نه‌وه تا ساڵێكی تر ئه‌و خه‌ڵكه به (ته‌پ و تۆز و پرۆژه‌ی سه‌قه‌ت و نایه‌كسانی ده‌سپێرن) وه‌ك كه‌سێك له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له فزیۆنیدا گوتی(هه‌ڵه‌بجه دوكانێكه ته‌نها له شانزه‌ی سێ‌دا ده‌ڕابه‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه)، ئه‌گینا (په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان بۆَچی بۆ زه‌مزه‌می ره‌وانابینێ بچێته به‌شی وێنه كێشان و ده‌ست به‌ڕویه‌وه ده‌نێن و ئێستا له شوێنێك ده‌خوێنێ كه خواست و خولیای خۆی نییه؟) یان بۆچی شه‌هیدانی كیمیایی باران تا هه‌نوكه‌ش وه‌ك شه‌هیدی هاولاَتی ته‌واشا ده‌كرێن ؟ له كاتێكدا ده‌یان كه‌سی تر هه‌یه له سه‌نگه‌ری دژه شۆڕشدا كوژراوه ئێستا مووچه‌كه‌ی به‌قه‌د موچه‌ی ده خێزانی كیمیابارانه؟
له‌نێوان وه‌فاداریی و بێ وه‌فایدا
ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌بن له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كاندا ره‌زای تاڵی خۆیان نواندبێ و هه‌ڵوێستی ناشیاویان ده‌رخستبێ له‌كاتێكدا كه هه‌ڵه‌بجه ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ردا هات ده‌بێ ئاماژه به رۆڵی خراپی هه‌ندێ له خه‌ڵكی ناله‌باری سلێمانی بدرێت كه نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی خه‌ڵكی لێقه‌وماویان نه‌كرده‌وه به‌ڵكو به قسه‌و ناووناتۆره‌ی سه‌یره‌وه دڵیانده‌شكاندن و هه‌ندێكیشیان خه‌به‌ریان ده‌دایه به‌عسیه‌كان تا منداڵه‌كانیان له قوتابخانه وه‌رنه‌گیرێن یان به‌دوای خه‌ڵكه‌وه بوون تا بزانن سه‌ربازی هه‌لاَتوو نییه له كاتێكدا هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئێسته‌ش ئاماژه به خه‌ڵكی خێرخواز‌و به‌وه‌فای هه‌ولێر ده‌كه‌ن كه چه‌نده به‌ده‌میانه‌وه بوون له‌دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق بردنیه (گرده‌چاڵ) ، هه‌رلێره‌وه زه‌مزه‌م باس له‌وه‌فاداریی تاكه‌كه‌سی ده‌كات و ده‌ڵێت (سێ كه‌س زۆر وه‌فادارن به‌رامبه‌ر باوكم و چه‌ند جار سه‌ریان لێداوم له‌ونه‌ش ئازادی میرزادڵشادی ره‌سوڵی و كاك خالدێك كه‌توركمانیشه و خه‌ڵكی كه‌ركووكه و كه‌سایه‌تی به‌ڕێز مامۆستا صلاح ا‌لدین).
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا وێنه‌یه‌كی باوكمم بینی
حه‌زم نه‌كردووه به‌دوای وێنه‌ی دایك و باوكمدا بگه‌ڕێم به‌لاَم ماوه‌یه‌ك به‌رله ئێستا هه‌ستێك له ناخه‌وه پاڵی پێوه نام به‌دوای وێنه‌یه‌كی باوكمدا گه‌ڕام و بینیم به‌لاَم دایكمم نه‌دیوه چونكه هه‌موو وێنه‌كانیان فه‌وتاوه ئه‌وه‌نده ده‌زانم كه باوكم ناوی مامۆستا(عبدالكریم حامد) ه‌و خه‌ڵكی به‌ڵخه‌ی هه‌ورامانه‌و(دایكم ناوی په‌روین حه‌سه‌ن) و خه‌ڵكی گوندی عه‌بابه‌یلێ یه له بناری هه‌ڵه‌بجه، هه‌رچه‌نده من هه‌ست به نوقسانی وكه‌می ناكه‌م له‌لای باپیر‌و دایه‌گه‌وره‌وخاڵم به‌لاَم به‌رده‌وام بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه (هه‌ركه‌س دایك و باوكی نه‌بوو خۆیشی نه‌بێ باشه)........
ئه‌وانه قسه‌ی كۆتایی ئه‌و كچه ره‌ش پۆشه زیره‌كه بوو كه ئاماده نه‌بوو ره‌سمه‌كه‌ی بلاَو بكه‌ینه‌وه به‌لاَم دواتر قه‌ناعه‌تی كرد و چه‌ند وێنه‌یه‌كمان گرت و به ڕوویه‌كی خۆشه‌وه له گه‌ڵ هه‌موو خێزانه‌كه‌یاندا خواحافیزییان لێكردین ...
خويندنه‌وه‌ی بابه‌ت: 1007 جار
|
|